Muhammet Kurşun
04 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2026
کۆمپانیای "ئوم ئەلقوڕا" بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، دەستکردن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی "باخەکانی مەسار" وەک ناوچەیەکی گرنگیی گەشتیاریی لە شاری مەککە ڕاگەیاند.
پڕۆژەکە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان دادەندرێت کە لەلایەن چوارچێوەی ھاوپەیمانی کۆمپانیاکانی"ئوم ئەلقوڕا" لە شاری مەککە پەرەی پێدەدرێت.
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوو ئاگادارییان بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە پەرەپێدان بە پڕۆژەی "باخەکانی مەسار" کە ناوچەکانی ھینداوییەی ڕۆژئاوا و ھینداوییەی باشوور دەگرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆگرامی گەڕەکە پێشکەوتووەکانە لە شاری مەککەدا.
"باخەکانی مەسار"ناوچەیەکی گەورەی شاری مەککەیە، لەلایەن کۆمپانیای "ئوم ئەلقوڕا" وەک پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی پەرەی پێدەدریت کە دواجار دەبێت بە ناوچەیەکی شارستانی لە دڵی "پایتەختی پیرۆز"دا بۆ خزمەتکردنی خەڵکی مەککە و ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن.
ھەروەھا کۆمپانیای "ئوم ئەلقوڕا" ئاماژەی بەوەشداوە کە پڕۆژەی پەرەپێدانی "باخەکانی مەسار" لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتییەکدا ئەنجام دەدرێت کە هەریەک لە کۆمپانیای بیناسازیی و گەشەپێدانی مەککە و کۆمپانیای خانووبەرەی ڕاجحی تیایدا بەشدارن کە ڕووبەرەکەی ١.٢ ملیۆن مەتر دووجایە.
ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە کۆمپانیای "ئوم ئەلقوڕا" دەستپێکردنی پلانی ستراتیژیی خۆی بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٣٠ ڕاگەیاندووە کە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری ستراتیژیی لە مۆدێلی کارەکانییدا دەکات.
ھەروەھا ئەو ھەنگاوە، ڕەنگدانەوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدان و گەشەپێدانی شارستانییە لە ناوچەی ڕۆژئاوای سعوودیە.
ئەم ستراتیژە نوێیە، توانای کۆمپانیاکە بۆ بەڕێوەبردنی شارستانی و وەبەرھێنان بەھێزتر دەکات کە لە ڕووی ئابووریی و شارستانی درێژخایەنییەوە، کاریگەریی لەسەر مەککە، جددە و مەدینە دەبێت .
ھەروەھا ئەم ستراتیژییەی کۆمپانیای "ئوم ئەلقوڕا" زیاتر گرنگی بە زیادکردنی بەھای بەردەوام بۆ شوێنەکە، کۆمەڵگە و وەبەرھێنەر دەدات.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، یاسر بن عەبدولعەزیز ئەبو عەتیق ڕایگەیاندووە کە دەستپێکردنی ستراتیژی نوێ، خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگە لە گەشتی کۆمپانیاکەدا کە لە قۆناغی بونیادنانی تواناوە بەرەو قۆناغی فراوانکردن ھەنگاو دەنێت.
یاسر بن عەبدولعەزیز ئەبو عەتیق ئەوەشی گوتووە: "ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستھاتووە، متمانە، ئەزموون و ئامادەیی بۆ بەڕێوەبردنی شوێنە شارستانییەکانی پێبەخشیووین".
ڕاشیکەیاندووە: "ئێمە کار لەسەر زیادکردنی بەھای بەردەوام بۆ شوێن و کۆمەڵگا و وەبەرھێنەر دەکەین کە یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنی کاریگەرییەکی درێژخایەن لە ناوچەی ڕۆژئاوای سعوودیە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ستراتیژییەکە پابەندبوونی کۆمپانیای "ئوم ئەلقوڕا" دووپاتدەکاتەوە بۆ پشتگیرییکردن لە ئامانجەکانی دیدگای سعوودیە ٢٠٣٠، ئەوەش لەڕێگای پەرەپێدانەوە کە دەبنەوە مایەی بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان، ھاندانی وەبەرھێنان و بەھێزکردنی ئابووری.
کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە، بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی ستراتیژی خۆی بەدەستھێناوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستیپێکردووە.
وەک لە ڕاگەیاندراوەکە خراوەتەڕوو، کۆمپانیاکە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٦ سەرکەوتوو بووە لە بونیادنانی مۆدێلێکی بازرگانی یەکگرتوو کە پشت بە ئەزموونی کەڵەکەبووی و ئەدای دارایی بەھێز دەبەستێت و گەشەی ساڵانەی زیاتر لە سەدا ٦٠ی داهات و زیاتر لە سەدا ٤٥ قازانجی دەستکەوتووە.
ئاماژەی بەوەشداوەکە لە ساڵی ڕابردوودا دوو ملیار ڕیال (نزیکەی ٥٣٣.٣ ملیۆن دۆلار) داھاتی نەختی بەدەستھێناوە و لە وەبەرھێنانی پەرەپێداندا بۆ باخەکانی مەسار بڕی نزیکەی ٤٠ ملیار ڕیال (نزیکەی ١٠.٦ ملیار دۆلار)ی ڕاکێشاوە و زیاتر لە ٣٠ ھاوبەشی ستراتیژیی دامەزراندووە.