Rawan Subhi Obaiullah
05 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2026
پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعوودیەوە دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمشەو دووەم کاروان بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی ھەرێمی کوردستان، کاروان ستوونی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند: "دوێنێ پێنجشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، یەکەم کاروانی حاجیان گەیشتنەوە ھەرێمی کوردستان، بریارە ئەمشەو لە ڕێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانییەوە، ١٠٢٩ حاجیی دیکە بگەڕێنەوە، کە بەمەش کۆی گشتیی حاجیانی گەڕاوە لە کاروانی یەکەم و دووەمدا دەگاتە دوو ھەزار حاجی".
گەشتەکانی گەڕانەوە لە ڕێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانییەوە بەردەوام دەبن، بڕیارە تاوەکو ڕۆژی ٢٠٢٦/٦/١٠ سەرجەم حاجیانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان پێنج ھەزار و ١٣٢ حاجییە، بگەڕێنەوە.
جێی ئاماژەیە، لە فەریزەی حەجی ئەمساڵدا، دوو حاجیی ھەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.