Ahmed Hassan
31 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2026
یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەکتر بووە پاڵەوانی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا (UEFA Champions League) بۆ تۆپی پێ.
لە یاری کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی پاریس سانجێرمان و یانەی ئارسیناڵ لە یارییەكی پڕ چێژ و ڕکابەرییدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونە.
یارییەکە لە یاریگای "پوسکاس ئارێنا" لە بوداپێستی پایتەخت ھەنگاریا بەڕێوەچوو.
لە خولەکی شەشەمی یارییەکەدا یاریزانی یانەی ئارسیناڵ، کای ھاڤێرتز تۆڕی یانەی پاریس سانجێرمان ھەژاند و یانەیەکەی بە گۆڵێک پێشخست.
دواتر لە خوولەکەی ٦٥ی یارییەکەدا یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، عوسمان دێمبلی لە ڕێگای لێدانێکی سزاوە ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی یەکسان کردووە.
کاتی یاسایی و زیادکراوی یارییەکە بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ ھەردوولا کۆتایی ھات.
پاشان لە ڕێگای لێدانی سزای یەکلاکەرەوە، یانەی پاریس سانجێرمان بە ئەنجامی (٤-٣) سەرکەوتنی بەدەستھێنا و بووە پاڵەوانی خولەکە.
ئەمە دووەم ساڵە لەسەر یەکتر، یانەی پاریس سانجێرمان نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا (UEFA Champions League) بۆ تۆپی پێ، بەدەست بھێنێت.