Ruslan Rehimov, Zahir Sofuoğlu
01 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2026
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند ھەناردەکردنی غاز بۆ سووریا لە ڕێگای تورکیا و ئازەربایجان، گەشەپێدان لە سووریا و ئاسایشی ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
سەرکۆمار ئەردۆغان پەیامێکی ئاراستەی بەشداربووانی "ھەفتەی وزەی باکو" کرد کە لەلایەن وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئالپارسلان بایراکتار خوێندرایەوە.
سەرکۆماری تورکیا لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ھاوکات لەگەڵ ئەو پێشھاتانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، تورکیا و ئازەربایجان ھەنگاوی دروستیان ناوە لە بواری وزەدا.
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕوونيشکردەوە کە ھەردوو وڵات بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان کە پێشتر وەک خەون بۆ ناوچەکە سەیر دەکران و لەمبارەیەوە ئاماژەی بەو پڕۆژانە کرد کە بە ھاوکاری تورکیا و ئازەربایجان و بە بەشداری جۆرجیا تەواوکراون، لەوانە ھێڵی بۆڕی باکو-تبلیسی-جەیھان، بۆڕی باکو-تبلیسی-ئەرزەڕووم و بۆری غازی " TANAP" کە بە ئانادۆڵۆدا تێپەڕدەبێت.
ھەروەھا سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە دەرفەتی گەورە ھەیە بۆ پەرەپێدانی ھاوکاری لە بواری ھەناردەکردنی غازی تورکمانستان لە ڕێگای ئازەربایجان و تورکیاوە و ئاماژەی بەوەشدا کە بەکارھێنانی ھێڵی بۆڕی باکو-تبلیسی-جەیھان بۆ گواستنەوەی سەرچاوە سرووشتییەکانی کازاخستان بۆ بازاڕەکانی ڕۆژئاوا زیادیکردووە.
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی پلانێکی لەسەر بنەمای بەدەستھێنانی کارایی و ڕێزگرتن لە ژینگە لە ھەموو بوارەکانی وزە، لەوانە وزەی نوێبووەوە و سەوزایی، ئامادەکردووە.
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە سووربوونمان بەھێز دەکەین بۆ ئەوەی ببینە یەکێک لە وڵاتانی پێشەنگ و نموونەیی لە چالاکی کەشوھەوای جیھانییدا بە میواندارییکردنی کۆنفرانسی (COP٣١) کە لە میانی مانگی تشرینی دووەمی داھاتوو لە پارێزگای ئانتالیا دەست پێدەکات".
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆتایی پەیامەکەیدا ھیوای خواست "ھەفتەی وزەی باکو" یارمەتیدەر بێت بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامی ئەرێنی کە سوودی بۆ ھەردوو وڵات و تەواوی ناوچەکە ھەبێت.