Zana Natık Kerem
20 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی فەرمانی کرد کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زیادکردنی قەبارەی ھەناردەکردنی نەوت و ھەمەچەشنکردنی دەروازەکانی ھەناردەکردنی نەوت بکرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی باڵەخانەی وەزارەتی نەوتی لە بەغدا بەسەركردووەتەوە و لە میانیدا لەگەڵ بەرپرس و فەرمانبەرانی وەزارەتەکە کۆبووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی نەوت و دەرەوە، ھەروەھا بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئامادەی بوون، باس لە کارکردن لە پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت کراوە، بەتایبەتیش ئەو پڕۆژانەی پەیوەستدارن بە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی کە بەھۆی داخستنی گەرووی ھورمز و ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتەوە دروستبووە.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەی غازی ھاوەڵ.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی فەرمانی کردووە کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زیادکردنی قەبارەی ھەناردەکردنی نەوت و ھەمەچەشنکردنی دەروازەکانی ھەناردەکردنی نەوت بکرێت.